ڕۆژی دوایی لە ئیسلامدا - ویکیپیدیا، ئینسایکڵۆپیدیای ئازاد بۆ ناوەڕۆک بازبدە

ڕۆژی دوایی لە ئیسلامدا

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
پایەکانی باوەڕ

ڕۆژی دوایی یان ڕۆژی قیامەت یان ڕۆژی لێپرسینەوە، بە پێی بیروباوەڕی ئیسلامی کۆتایی جیھان و ژیانی دونیایە، و خاوەن ئاینەکانی تری وەک مەسیحی و جولەکە ھاوبەشن لەگەڵ ئیسلامدا لەم بیروباوەڕەدا، کە کاتی لێپرسینەوەیە لە بەردەم خوادا کە خوا ھەڵدەسێت بە پاداشتدانەوەی باوەڕدارە یەکتاپەرستەکان بە بەھەشت و بیباوەڕ و ھاوەڵدانەرەکان بە ئاگر، ناو دەبرێت بە ڕۆژی قیامەت کە بە مانای ھەستانەوە لەبەر ئەوەی خەڵکی تێدا زیندوو دەبنەوە، ھەروەھا ناودەبرێت بە ڕۆژی دوایی لەبەر ئەوەی ھیچ ڕۆژێکی تری لە دوا نیە لە ژیانی دونیادا، ھەروەک ڕۆژی دوایی چەند نیشانەیەکی ھەیە کە بە نیشانەکانی ڕۆژی دوایی ئەناسرێن و دابەش دەبن بۆ نیشانە گەورە و بچوکەکان.

باوەڕبوون بە ڕۆژی دوایی

[دەستکاری]

باوەربوون بە ڕۆژی دوایی یەکێکە لە پایەکانی باوەڕ لە ئیسلامدا، ئەمەش سێ بوار دەگرێتەوە؛

یەکەم/ باوەڕبوون بە زیندووبوونەوە

ئەمەش زیندووبوونەوەی خەڵکی دەگرێتەوە بۆ لێرسینەوە لەبەردەم خوادا، وەک لە قورئاندا هاتووە؛ كَمَا بَدَأْنَا أَوَّلَ خَلْقٍ نُّعِيدُهُ وَعْدًا عَلَيْنَا إِنَّا كُنَّا فَاعِلِين، واتە؛ هه‌روه‌ک چۆن له سه‌ره‌تاوه دروستمان کرد، وه‌ک ئه‌وسای خۆی لێ ده‌که‌ینه‌وه، ئه‌وه په‌یمان و به‌ڵێنی ئێمه‌یه‌، بێگومان ئێمه ئه‌و کاره ئه‌نجام ده‌ده‌ین.

دووەم/ باوەڕبوون بە لێپرسینەوە و پاداشت وەرگرتنەوە

ئەمەش باوەڕبوون دەگرێتەوە بەوەی کە خەڵک لێپرسینەوەیان لەگەڵ دەکرێت و بە پێی کردەوەکانی خۆیان پاداشت وەرئەگرن، وەک لە قورئاندا هاتووە، إِنَّ إِلَيْنَا إِيَابَهُمْ، ثُمَّ إِنَّ عَلَيْنَا حِسَابَهُم، واتە؛ بێگومان ئه‌وانه گه‌ڕانه‌وه‌یان هه‌ر بۆ لای ئێمه. له‌وه‌ودوایش به‌ڕاستی حیساب و لێپرسینه‌وه و دادگاییان له‌سه‌ر ئێمه‌یه‌.

سێیەم/ باوەڕبوون بە بەهەشت و ئاگر

باوەڕبوون بە بەهەشت و ئاگر (دۆزەخ) کە سەرئەنجامی هەتاهەتایین بۆ خەڵک، بەهەشت ماڵی خۆشگوزەرانیە و خوا ئامادەی کردووە بۆ باوەڕداران و چاکەکاران، و دۆزەخ ماڵی سزای خوایە بۆ بێباوەڕ و ستەمکاران.

لە ناوه‌كانی ڕۆژی دوایی

[دەستکاری]

ڕۆژی دوایی بە چەندین ناوی جیاواز ناوی هاتووە لە قورئاندا، ئەمانەی خوارەوە چەند ناوێکیانن؛

  1. یوم هەستانەوە (قیامەت) : لە قورئاندا هاتووە { ... إلی یوم القیامه‌ } واته‌ : تا ڕۆژی هه‌ڵسانه‌وه‌ .
  2. ڕۆژی دوایی : لە قورئاندا هاتووە { ... ولكن البر من آ‌من بالله والیوم اڵاخر ... }. واته‌ : به‌ڵكو كرداری باش و كرداری چاك بریتیه‌ له‌وه‌ی كه‌ ئاده‌میزاد باوه‌ڕی هێنابێت به‌ ڕۆژی دوایی .
  3. کاتی دیاریکراو : لە قورئاندا هاتووە { وأن الساعة لآتیة‌ }. واته‌ : بێگومان كاتی دیاری كراو دێت .
  4. زیندووبوونەوە: لە قورئاندا هاتووە {... إن كنتم فی ریب من البعث ...}. واته‌ :ئێوه‌ ئه‌گه‌ر گومانتان له‌ زیندوو بوونه‌وه‌ هه‌یه‌ .
  5. ڕۆژی دەرچوون: لە قورئاندا هاتووە { یوم یسمعون الصیحه‌ بالحق ذلك یوم الخروج }. واته‌ : له‌م ڕۆژه‌دا به‌ ڕاستی گوێ‌ بیستی هاوارى‌ قیزه‌ون ده‌بن ئا ئه‌وه‌ ڕۆژی ده‌رچوونه‌ .
  6. قاریعە : خوای گه‌وره‌ ده‌فه‌رموێ‌ { القارعة ما القارعة‌ ... }. واته‌ : ئه‌و گرمه‌یه‌ی دڵان ده‌له‌رزێنێت , ئاخۆ – قارعة‌ – چی بێت ؟ .
  7. ڕۆژی هەڕەشە : لە قورئاندا هاتووە {هذا یوم الفصل }. واته‌ : ئینجا به‌ هه‌ڕه‌شه‌وه‌ پێیان ده‌وترێت ئا ئه‌مه‌ ڕۆژی هه‌ڕه‌شه‌یه‌ .
  8. ڕۆژی دین : لە قورئاندا هاتووە { وإن الفجار لفی جحیم یصلونها یوم الدین }. واته‌ :بێگومان تاوانبارو تاوانكاره‌كانیش له‌ ناو دۆزه‌خدا ژیانى پڕ له‌ ئێش و ئازار ده‌به‌نه‌ سه‌ر , كه‌ له‌ ڕۆژی پاداشت و سزا دووچاری ده‌بن .
  9. دەنگێکی بەهێز: لە قورئاندا هاتووە {فإذا جا‌ءت الصاخة }. واته‌ : جا كاتێك قیامه‌ت به‌رپابوو به‌هۆی ده‌نگێكی به‌هێزی كپ كه‌ره‌وه‌ .
  10. بەڵا گەورەکە : خوای گه‌وره‌ ده‌فه‌رموێ‌ {فإذا جا‌ءت الطامة الكبری }. واته‌ : جا كاتێك به‌ڵا گه‌وره‌كه‌ پێش هات , كه‌ ته‌نگانه‌ سامناكه‌كه‌ ڕوی دا .
  11. ڕۆژی پەشیمانی : لە قورئاندا هاتووە { وأنذرهم یوم الحسره‌ إذ قضی اڵامر }. واته‌ : ئه‌ی پێغه‌مبەر سته‌مكاران ئاگادار بكه‌ له‌ ڕۆژی ئاهو ناڵه‌و په‌شیمانی كاتێك كار له‌ كار ترازاوه‌ .
  12. غاشیە : لە قورئاندا هاتووە { هل أتاك حدیث الغاشیة‌ }. واته‌ : ئایا هه‌واڵ و ده‌نگ و باسی ڕۆژی قیامه‌تت پێگه‌یشتووه‌ ؟ ( ڕۆژێكه‌ سه‌ختیه‌كه‌ی هه‌موو كه‌سێك داگیر ده‌كات ) .
  13. ڕۆژی نەمر: لە قورئاندا هاتووە { ادخلوها بسلام ذلك یوم الخلود }. واته‌ : بفه‌رموون بچنه‌ ناو به‌هه‌شته‌وه‌ له‌گه‌ڵ ئاشتی و ئارامی و هێمنیدا , ئا ئه‌وه‌ ئیتر ڕۆژی نه‌مری و نه‌بڕاوه‌یه‌ .
  14. ڕۆژی لێپرسینەوە: لە قورئاندا هاتووە { ... لا یؤمن بیوم الحساب }. واته‌ : ... باوه‌ڕی به‌ ڕۆژی لێپرسینه‌وه‌ نه‌بێت .
  15. واقیعە: لە قورئاندا هاتووە {إذا وقعت الواقعة}. واته‌ : كاتێك ڕوداوه‌ سامناكه‌كه‌ پێش هات .
  16. ڕۆژی پێشهاتن : لە قورئاندا هاتووە { ... ذلك یوم الوعید }. واته‌ : ... ئیتر ئه‌وه‌ ڕۆژی پێشهاتنی هه‌ڕه‌شه‌و ئاگاداركردنه‌وه‌كانه‌ .
  17. ڕۆژە نزیکەکە : لە قورئاندا هاتووە {... وانذرهم یوم الآزفة‌ ... }. واته‌ : ئه‌ی موحه‌ممه‌د بیانترسێنه‌و ئاگایان بكه‌وه‌ له‌ ڕۆژه‌ نزیكه‌كه‌ .
  18. ڕۆژی کۆکردنەوە : لە قورئاندا هاتووە { ... یوم الجمع لا ریب فیه ... }. واته‌ : ئاگادارو هۆشیاریان بكه‌یت له‌ ڕۆژی كۆكردنه‌وه‌ كه‌ هیچ گومانی تێدا نیه‌ ...
  19. حاقە : لە قورئاندا هاتووە { الحاقة ما الحاقة‌ }. واته‌ : یه‌كێكه‌ له‌ ناوه‌كانی ڕۆژی قیامه‌ت ئه‌وه‌ ده‌گه‌یه‌نێت كه‌ له‌و ڕۆژه‌دا خوای گه‌وره‌ حه‌ق و ڕاستی به‌ته‌واوه‌تی ده‌چه‌سپێنێت , چی بێ‌ ئه‌و ڕۆژه‌ ؟! .
  20. ڕۆژی بەیەکگەیشتنەوە : لە قورئاندا هاتووە { لینذر یوم التلاق }. واته‌ : بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ڵكی بترسێنێت له‌ ڕۆژی به‌یه‌كگه‌یشتنه‌وه‌ ( گه‌یشتنه‌وه‌ى ڕۆح و جه‌سته‌ , گه‌یشتنه‌وه‌ی ئاده‌میزاد به‌ كرده‌وه‌كانی ) .
  21. ڕۆژی هاوار : لە قورئاندا هاتووە { ... إنی أخاف علیكم یوم التناد }. واته‌ : ... من به‌ڕاستی ده‌ترسم له‌ ڕۆژی هاوارو ئاهو ناڵه‌و بانگكردنتان بۆ لێپرسینه‌وه‌ ( قیامه‌ت ) .
  22. ڕۆژی کۆبوونەوە : لە قورئاندا هاتووە { یوم یجمعكم لیوم الجمع ذلك یوم التغابن ...}. واته‌ : ڕۆژێك دێت خوا هه‌موانتان كۆ ده‌كاته‌وه‌ , بۆ ڕۆژی كۆبوونه‌وه‌كه‌ , ئه‌وه‌ ڕۆژی زیان باری یه‌ .

هەروەها چەندین ناوی تری هەیە.....

نیشانەکانی ڕۆژیی دوایی

[دەستکاری]

بە پێی بیروباوەڕی ئیسلامی ڕۆژی دوایی چەندین نیشانەی هەیە پێش هاتنی ئەو ڕۆژە دەرئەکەون، و جابەش دەبن بۆ نیشانە بچوکەکان و نیشانە گەورەکان، و نییه‌ هه‌موو نیشانه‌کان مانای ناپه‌سه‌ندی و خراپیی تێدا بێت، به‌ڵکوو تێیاندا هه‌یه‌ هه‌واڵ و پێشبینییه‌.

نیشانە بچوکەکان

[دەستکاری]

نیشانە بچوکەکانی قیامەت زۆرن، گرنگترینیان ئەمانەی خوارەوەن؛

که‌مبوونه‌وه‌ی زانست و زۆربوونی نه‌فامی، زۆربوونی كوشتنی بێ هۆ له‌ناو خه‌ڵكیدا، زۆر بوونی بومه‌له‌رزه‌ و ڕِۆچوونی زه‌وی، ده‌ركه‌وتنی ئه‌و ده‌جالانه‌ی كه‌ بانگه‌شه‌ی پێغه‌مبه‌رایه‌تی بۆ خۆیان ده‌كه‌ن كه‌ ژماره‌یان نزیكه‌ی سی كه‌سن، بڵاوبوونه‌وه‌ی خراپه‌ و سته‌م كردن، خواردنه‌وه‌ی مەی و له‌ ده‌ستچوونی به‌رپرسیارێتی و نه‌مانی پێشه‌وای داد و دڵسۆز و بڵاوبوونه‌وه‌ی ڕیبا و ژه‌ن(مۆسیقا) و ڕازاندنه‌وه‌ی مزگه‌وته‌کان و به‌رزبوونه‌وه‌ی کۆشک و خانووه‌کان و کورتبوونه‌وه‌ی کات و بڵاوبوونه‌وه‌ی گەندەڵی و پچڕاندنی سیڵه‌ی ڕه‌حم و زۆریی به‌رچاوته‌نگی و زۆربوونی بازرگانی و که‌مبوونه‌وه‌ی پیاوچاکان و به‌رزبوونه‌وه‌ی بێمێشک و بێڕێزه‌کان و سڵاوکردن ته‌نها له‌ ناسیاو ده‌بێ و زۆربوون و بڵاوبوونه‌وه‌ی درۆ و گه‌یاندنی هه‌واڵه‌کان به‌بێ دڵنیایی له‌ ڕاستگۆیی و زۆربوونی شایەتیدانی درۆ و زۆربوونی ئافره‌ت و که‌مبوونی پیاوان و زۆربوونی مردنی کتوپڕ و بڵاوبوونه‌وه‌ی ڕق و کینە و وشکیی له‌ نێو خه‌ڵك و سووکایه‌تی به‌ سوننه‌ت و په‌یامه‌کانی خوا.....هتد.

نیشانە گەورەکان

[دەستکاری]

لە گرنگترین نیشانە گەورەکانی قیامەت ئەمانەی خوارەوەن؛

دەرکەوتنی محمدی مەھدی لە سەر زەویدا، و گەڕِاەنەوەی عیسا لە ئاسمانەوە بۆ سەر زەوی، و دەرچوون و سەرھەڵدانەوەی یەئجوج و مەئجوج لە سەر زەوی و دەرچوونی ئەو گیانلەبەرەی کە گفتوگۆ لەگەڵ خەڵکی دەکات، و ئەو ئاگرەی کە خەڵکی ڕووەو مەحشەر ڕاو دەنێت، و لەگەڵ سێ ڕِۆچوونی گەورە کە لەسەر زەوی ڕِوو دەدەن، و دەرکەوتنی دەجالی گەورە کە بانگەشەی خوایەتی دەکات.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

[دەستکاری]

سەرچاوەکان

[دەستکاری]